تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ لە پەیمانگەی دادوەریی دەستی پێكرد
بە پێي رێنماییەكانی تەندروستی و بە گرتنەبەری ھەموو رێكارە خۆپارێزییەكان، ئەمڕۆ 27-7-2021، تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵی قۆناغی دووەمی خولی چوارەمی خوێندن لە پەیمانگەی دادوەریی دەستی پێكرد كە بیست رۆژ دەخایەنێت .
لەوبارەیەوە، دادوەر دكتۆر/ عوسمان یاسین عەلی، بەڕێوبەری گشتی پەیمانگەی دادوەریی لە ھەرێمی كوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی وەزارەتی دادیی راگەیاند كە "بە گرتنبەری ھەموو رێنماییەكانی خۆپارێزی لە بەستنی دەمامك و دوورخستنی كورسییەكانی قوتابیان لەیەكەوە، تاقیكردنەوەكان دەستی پێكردووە، ھەرچەندە دە تاقیكردنەوەیە بەڵام بیست رۆژ دەخایەنێت، چونكە لەبەر بەرژەوەندی قوتابیەكان تاقیكردنەوەكان رۆژناڕۆژێك ئەنجام دەدرێن» .
بەڕێوبەری گشتی پەیمانگەی دادوەریی، ھەروەھا گوتی كە " ژمارەی ئەو قوتابیانەی كەلەو تاقیكردنەوانەدا بەشدارن، 60 قوتابییە كە 24 یان ئافرەتن و 36 یان پیاون".
شایانی باسە پەیمانگای دادوەری بەپێی یاسای ژمارە حەوتی ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و لەمانگی ٣ ی ساڵی ٢٠١٢ پەیمانگاکە دەستبەکاربووە بۆ ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی لە ھەرێمی کوردستاندا ، كە تا ئێستا سێ خول لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی لەو پەیمانگەیەدا دەرچوون و دەست بەكاربوون، لە یەکەمین خولیشیدا ٧٣٠ کەس لە پارێزەرەکان و مافپەروەران ناویان لەو پەیمانگایە بۆ خوێندن تۆمارکردبوو، بەڵام دوای چەند تاقیکردنەوەیەک لەو ژمارەیە تەنیا ٤١ کەسیان وەرگیران و دواتر بڕوانامەیان بەدەستھێنا. جێگای وەبیر ھێنانەوەیە لە کاتی پێویستتدا بۆ ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی، پەیمانگای دادوەری خولی ئامادەکردن ئەنجام دەدات.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق